2013/06/25

مرۆڤە مەزنەكان بەم چەشنە ماڵئاوایی دەكەن



مرۆڤە مەزنەكان بەم چەشنە ماڵئاوایی دەكەن
ناوەڕۆكی دوایین نامەی نوسەری ناوداری جیهانی (گابریل گارسیا مارگیز) بۆ دۆست و هاوڕێ‌ و خوێنەرەكانی بخوێنەوە:

ناوەڕۆكی دوایین نامەی نوسەری ناوداری جیهانی (گابریل گارسیا مارگیز) بۆ دۆست و هاوڕێ‌ و خوێنەرەكانی بخوێنەوە:
ئەگەر ویستی خوداوەند وابوو كەمێكم لەژیانێكی تر پێببەخشێت، ئەوا بەتەواوی هێزو توانامەوە سوودیان لێوەردەگرم، ڕەنگە هەموو ئەو شتانە نەڵێم، كە بیریان لێدەكەمەوە، بەڵام بێگومان بیر لە هەموو ئەو شتانە دەكەمەوە كە دەیانڵێم. نرخ دەبەخشمە مانای شتەكان، كەم دەنووم، و خەونی زۆر دەبینم، لەگەڵ تێگەیشتنمدا بەوەی هەر چاوتروكاندنێك مانای لەدەستدانی شەست چركە ڕۆشناییە، ئەو كاتەی ئەوانیدی ڕادەوەستن من پیاسە دەكەم، بە ئاگاش دەبم كاتێك دەنوون.
ئەگەر ویستی خوداوەند وابوو ژیانێكی ترم پێببەخشێت، جلی سادەو ساكار لەبەردەكەم، لەسەر زەوی ڕادەكشێم، نەك تەنها بەجەستەی ڕووت، بەڵكوو ڕۆحیشم دادەماڵم، بۆ خەڵكی دەسەلمێنم چەند بەهەڵەدا دەچن كاتێك لەو بڕوایەدان گەر پیربوون چیدی ناتوانن عاشق بن، بێ‌ ئەوەی ئاگاداربن، كە پیربوون وەستانە لە عیشق. 
ئەگەر ویستی خوداوەند وابوو ژیانێكی ترم پێببەخشێتبە بە منداڵ باڵێك دەبەخشم، بەڵام دەهێڵم خۆی فێری فڕێن بێت. پیرەكانیش فێردەكەم ئەوە پیربوون نییە مردن دەهێنێت، بەڵكوو بیرچوونەوەیە.
ئەی ئادەمیزاد لە ئێوەوە زۆر شت فێربووم، فێربووم، كە هەمووان دەیانەوێت لە لوتكەی چیادا بژین، بێ‌ ئەوەی بزانن، نهێنی بەختەوەری لە هەڵكشانی چیادایە. فێربووم، كە منداڵی تازە لەدایكبوو كاتێك یەكەم جار پەنجەكانی باوكی دەگوشێت مانای وایە بۆ هەمیشە گرتوونی، فێربووم مرۆڤ تەنها كاتێك مافی ئەوەی هەیە لە سەرەوە بڕوانێتە ئەویتر، ئەو كاتەی پێویستە بۆ وەستان لەسەر پێكانی خۆیی ببێتە یاریدەدەری. ئەی مرۆڤ لە ئێوەوە زۆرشت فێربووم! بەڵام سوود لە كەمیان دەبینم، چونكە پێش ئەوەی لە تەنیشت شتەكانی تری نێو جانتاكەمدا ڕیزیان بكەم، ماڵئاوایم لە ژیان كردووە.
هەمیشە ئەو شتانە بڵێ‌، كە هەستیان پێدەكەیت، ئەوانەش ئەنجام بدە، كە بیریان لێدەكەیتەوە. ئەگەر دەمزانی دواین جارە دەتبینم، ئەوا توند لە ئامیزم دەگرتی و لە خودا دەپاڕامەوە بمكاتە چاودێری ڕۆحت... ئەگەر دەمزانی دوا ساتەكانی بینینتە زیاترو زیاتر (خۆشم دەویستی) و بەشەرمەزاریشەوە لێمدەشاردیتەوە.
هەمیشە سبەینێیەك هەیە، ژیان فرسەتمان دەداتێ‌ كاری باشتر ئەنجامبدەین، بەڵام ئەگەر من هەڵەبووم و ئەمە دوا ڕۆژم بوو، پێمخۆشە بڵێم (چەندم خۆش دەوێی) و (قەت قەت لەبیرت ناكەم)، چونكە لە سبەینێ‌ دڵنیانیم، ڕەنگە ئەو ڕۆژە دوایین جار بێت ئەو كەسانە ببینیت كە خۆشت دەوێن. لەوە زیاتر چاوەڕوان مەبە، ئەمڕۆ هەنگاو هەڵبگرە، ڕەنگە سبەینێ‌ نەیەت و بەدڵنیاییەوە لەو ڕۆژەش پەشیمان بیتەوە كاتت نەبووە بۆ پیشاندانی بزەیەك، ئامێزێك، ماچێك، یان سەرقاڵیت بواری نەداویت دوایین خۆزگەو ئومێدەكانی خۆت ڕەوانەبكەیت. 

نزیكی خۆت لەو كەسانەوە بپارێزە كە خۆشت دەوێن، بچرپێنە بەگویاندا كە پێویستت پێیانە. خۆشت بوێن و بایەخیشیان پێبدە، ئەوەندەش كات بهێڵەوە بۆ ئەوەی هەندێ‌ قسەی ناسكیان پێ بڵێی، وەك: لێت تێدەگەم، بمبەخشە، بە یارمەتی خۆت، سوپاسگوزارم، سەرجەمی وشەكانی تری خۆشەویستی، كە دەیانزانی.
كەس لەپێناو دەرنەخستنی خەیاڵات و بیركردنەوەكانتدا تۆیان نایەتەوەیاد، لەخودا بپاڕێوە هێزو حیكمەتی گوزارشتكردنیانت بداتێ‌، بۆ دۆستە ئازیزەكانت ئەوە دووپاتبكەرەوە، كە ئەوان لای تۆ چەند گرنگ و پێویستن. 
سەرچاوە
لە پێشەكی ڕۆمانی (مائە عام من العزلە )، ترجمە كریم محموود
وەرگێڕانی بۆ زمانی كوردی// خالد محمود كریم